ئایا کتێبی پیرۆزی تەورات کتێبێکی یەکتاپەرستی (یەک خودا پەرستی) یە؟ ئەی یەکتاپەرستی ئەنجامی پرۆسەی گۆڕانی فکری مرۆڤایەتیە یان هاتنی ئاینەکان؟

ئایا کتێبی پیرۆزی تەورات کتێبێکی یەکتاپەرستی (یەک خودا پەرستی) یە؟ ئەی یەکتاپەرستی ئەنجامی پرۆسەی گۆڕانی فکری مرۆڤایەتیە یان هاتنی ئاینەکان؟

نوسینی :
سۆران حەمەڕەش

هەمیشە کە بابەت سەبارەت بە ئایین دەنووسم ئەو بۆچوونە دووبارە دەکەمەوە کە ئایین کۆڵەکەیەکی گرنگی بەڕێوەچوونی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیە. لە سەرەتای شارستانیەتەوە شانبەشانی دەرکەوتنی سەرەتاکانی شارستانیەت، ئایین و ڕۆحانیەت بەشێک بوون لە بنەماکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی. سەیری هەر شوێنەوارێکی دێرین دەکەیت دەستبەجێ دەبینرێت بەشێکی گرنگی کەلوپەلەکان ئاینی یان ڕۆحانین. شوێنەواری گرێ ناڤوکێ لە باکوری کوردستان لە نزیک شاری ئورفە کە تەمەنی نزیکی دوانزە هەزار ساڵە، بەشێکی گرنگ لەو شوێنەوارەدا بە تەواوی بۆ مەبەستی ئاینی دروستکراوە و ئەوساش مرۆڤ بەشێکی گەورەی سەرچاوە و توناکانی بۆ ئایین تەرخان کردووە. ئەمڕۆ گفتووگۆ هەیە کە سەرەتاکانی بیروباوەڕی ئاینی لە ناو مەیمونیشدا هەبێت. لە کاتی هەورە تریشقەدا زۆربەی جار سەرکردەی گروپە مەیمونەکان جۆرێک لە بەرامبەر وەستانەوە نیشان دەدەن بەرامبەر هەورەتریشقەکە و لە هەندێک دارستانی ئەفریقادا تەنانەت هەندێک مەیمون ڕوو لە یەک درەخت دەکەن و بەردی لەبەردەمدا دادەنێن، ئەو هەڵسوکەوتەی کە هەندێک لە هۆزە کێویەکانی ئەفریقا بە مەبەستی ئاینی دەیکەن بۆ پیرۆز ڕاگرتنی درەختێکی تایبەت (بڕوانە ئەم لینکە https://www.youtube.com/watch?v=iEQOThqq2pk). هەرچەندە بابەتەکە مشتومڕی لەسەرە بەڵام هەندێک ئەوە بە سەرەتاکانی ئایین لە ناو زیندەوەراندا سەیر دەکەن.

وەک ئاماژەی پێکرا ئایین بەشێکی گرنگی شارستانیەتی مرۆڤایەتی بووە بۆیە کتێب و تێکستە ئاینیەکان بەشێکی گرنگی مێژووی مرۆڤایەتین. جا یەکێک لەو کتێبە گرنگە پیرۆزانە کتێبی تەوراتە. ئەم کتێبە کتێبی ئاینیی جووەکانە و دواتر هەمان کتێب بووە بە بەشێک لە کتێبی ئاینی کریستیان. ئاینی ئیسلامیش ئەو کتێبە بە کتێبێکی ئاسمانی دادەنێت و زۆربەی چیرۆکی پێغەمبەرەکانی ناو تەورات وەک خۆی یان بە تۆزێک جیاوازی کەمەوە لە قورئاندا دووبارە بوونەتەوە. ئەمڕۆ چەندین پەیڕەوانی هەر سێ ئایین هەندێک جار سوێند بە کتێبی تەورات دەخۆن. بەڵام با بزانرێت ئایا ئەو کتێبە کتێبێکی یەکتاپەرستیە و باسی یەک خوادا دەکات؟

کتێبی تەورات لە نزیکی ٣٩ بەش پێکهاتووە کە لە قۆناغی جیاوازی ژیانی مێژووی جووەکاندا نووسراوە واتە لە یەک مێژوودا نەنووسراون و زمان بوچوونەکانی بەپێی قۆناغەکانی مێژووی جووەکان گۆڕاوە. ئەگەر سەیری ووردەکاری تەورات بکەین، بە ڕوونی دەبینرێت تەورات لە سەرەتادا باسی چەندین خودا دەکات نەک تاک خودا. بە گشتی تەورات دەتوانرێت دوو گۆڕانکاری سەرەکی تێدا ببینین سەبارەت بە ڕوانگەی بەرامبەر بە خودا. لە قۆناغی یەکەمدا تەورات فرە خودایی قبوڵکردووە و خودایەک لە کۆڕی خوداکاندا گفتووگۆ لەسەر مەسەلەکان دەکات و چەندین جار ئەو بۆچوونە دووبارە بووەتەوە کە بە ڕوونی سەردەمی دێرینی قۆناغێکی فیکری مرۆڤایەتی بەگشتی و جووەکان بە تایبەت دەخاتە ڕوو و لە قۆناغی دووەمدا ووردە ووردە یەکتاپەرستی دەردەکەوێت، بەڵام پرۆسەکە کتوپڕ نیە. بۆ نموونە لە تەوراتدا دەگووترێت:

” تۆ نابێت هیچ خودایەکی تر بپەرستیت، لەبەر ئەوەی خودا مەزنەکەت خودایەکی ئێرەیی بەرە (غیرە دەکات).”
لێرەدا تەورات بە ڕوونی باس لە ئێرەیی بردنی خودای جوو دەکات بە خوداکانی تر.

یان دەڵێت:
“کاتێک کە ئێلیۆن (گەورەترین خودا) نەتەوەکانی بەش کرد، کاتێک کە کوڕەکانی ئادەمی جوداکردەوە، سنووری نەتەوەکانی دانا بەپێی ژمارەی کوڕەکانی خودا. بەشی یەهوا (خودای تایبەتی جوەکان) خەڵکەکەی بوو، ئیسرائیلی بەرکەوت.”

وەک بینرا لەوێدا خودا گەورەکە زەوی بەپێی خودا بچووکترەکان بەش کردووە کە کوڕی بوون، لەوێدا نەتەوەی جوو خوداکەی یەهوا بووە و نەتەوەکانی تر هەر یەکە خودای خۆیان هەبووە. لە قۆناغەکانی تر کە دواتر باسی لێوە دەکرێت، خودای یەهوا دەبێتە خودای تاک و تەنهای جووەکان. بەڵام ئەو کات هێشتا خوداکان زۆر بوون.

نموونەیەکی تر:
ئیلۆهیم (خوداکان) دەبێژن: ” با مرۆڤ لە شێوەی خۆمان دروست بکەین، وەک ئێمە بێت”

دەبینرێت لێرەدا خوداکان بەیەکەوە گفتوگۆیان لەسەر دروستکردنی مرۆڤ کردووە.

یان کاتێک کە خوداکان لە ئاسماندا لەگەڵ یەکدا سەبارەت بە مرۆڤ گفتوگۆ دەکەن دەبێژن:
” بابچینە خوارەوە و زمانەکانیان تێک بدەین، بۆ ئەوەی لە قسەی یەکتری تێنەگەن”

ئەم چیرۆکەی سەرەوە لە بنەچدا سۆمەریە و وەک خۆی بە تۆزێک دەستکاریەوە خراوەتە تەوراتەوە. سۆمەریەکانیش باسی ئەوە دەکەن کە خودا بڕیاری دا زمانەکان لە یەکتر جودا بکاتەوە، پێش ئەوە مرۆڤ یەک زمان قسەی کردووە.

کۆمەڵێک نموونەی تر:
“لەبەر ئەوەی یەهوا خودایەکی گەورەیە و پادشای هەموو خوداکانە”

یان:
“هەموو خوداکان سوژدە بۆ یەهوا دەبەن”

یان 
“من دەزانم کە یەهوا مەزنە و گەورەی ئێمەیە و لە هەموو خوداکانی تر مەزنترە”

ئەمانەی سەرەوە هیچ گومانێک ناهێڵنەوە کە کتێبی تەورات، لە قۆناغێکدا بڕوای تەواوی بە خودای جۆراو جۆر هەبووە و خوداکان بەیەکەوە لەگەڵ یەکتری قسەیان کردووە و کێبڕکێ هەبووە لە نێوانیاندا تەنانەت ئێرەیی بردنیش. خودای یەهوا هەندێک جار پادشای خوداکان بووە و هەندێک جار خوداکانی تر سوژدەیان بۆ بردووە و لە هەموو خوداکانی تریش مەزنتر بووە. خودای یەهوا کە دواتر دەبێتە خودای تاک و تەنیا، دەبینرێت شانبەشانی خوداکانی تر هەبووە و ئەو کات ئیسرائیلیەکان تەنها بە خودای نەتەوەی خۆیان داناوە.

دڵنیام ئەو کەسانەی کە ئاشنای مێژوو نین، گورج قسە چاوەڕوانکراوەکە دەڵێن “کام تەورات؟ تەورات دەستکاری کراوە”. بە پێچەوانەوە تەورات دەستکاری نەکراوە و یان با بڵێین تاڕادەیەکی باش پارێزراوە. لە ڕاستیدا ئەوەی دەیسەلمێنێت کە تەورات پارێزراوە ئەوەیە هەموو ئەو بۆچوونانە لەگەڵ تێکستە مێژوویەکانی سەردەمی نووسینی تەوراتدا دەگونجێت. ئەو تێکستانەی کەنعانیەکان کە دراوسێی جووەکان بوون هەمان بۆچوونی تەورات بەرامبەر خودا لەو سەردەمەدا دەسەلمێنیت. واتە ئەو بۆچوونەی تەورات بەرامبەر بە خوداکان رەنگدانەوەی دروستی فکر و بۆچوونی مرۆڤە بەرامبەر بە خودا لەو سەردەمەدا. واتە ئەوان ڕووداوەکانیان ڕاستگۆیانە لە کاتی خۆیدا تۆمارکردووە و دواتریش کە بۆچوونیان گۆڕاوە و تەنها خودای تاک و تەنیایان قبوڵ بووە، هەوڵیان نەداوە گۆڕانکاری لە تەوراتدا بکەن. تەنانەت ئەو چیرۆکە ناشاردرێتەوە کە حەزرەتی ئیبراهیم و سارای ژنی زڕخوشکوبرا بوون.

پیاوانی ئاینی کریستیان و جوو، دەڵێن باسکردنی خودا بە کۆ نەک بە تاک بۆ مەبەستی ڕێزلێنانە، بەڵام دیسان کە سەیری تێکستەکان دەکەیت، کاتێک کە خودایەک پادشا و گەورەی هەموو خوداکان بێت، ئەوە هیچ دەرفەتێک بۆ گومان ناهێڵێتەوە. جگە لەوە تەورات باسی خودایەکی مێینە دەکات بە ناوی (ئەشێرە) کە ژنی یەهوای خودای جووەکان بووە. ئەم ڕاستیە کتێبی تایبەتی و لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە و ئەو تێکستە نوێ و شوێنەوارانەی ئیسرائیل هەمان ڕاستی تەورات دەسەلمێنن کە خودا یەهوا هاوسەرێکی خودای مێینەی هەبووە.

دەبینرێت لە قۆناغی دواتردا تەورات چیتر خودای تری قبوڵ نیە و تەنها یەک خودا قبوڵ دەکات. گۆڕانکاریەکەش بە قۆناغە، سەرەتا دەڵێت خوداکانی تر مەپەرستە، واتە لەو قۆناغەدا هێشتا خوداکانی تر لە تەوراتدا قبوڵ بوون، بەڵام داوا دەکات نەپەرسترێن و دەڵێت:
“دوای خوداکانی تر مەکەون، خودای خەڵکەکانی دەوروبەرتان”

یان دەڵێت:
“بەڵام نابێت لەو فەرمانانە لا بدەن کە ئەمڕۆ من پێتانی دەدەم، نە بەڕاستدا نە بە چەپدا، دوای خودای تر نەکەون و نەیانپەرستن”

لەم دوو بەشەی تەوراتدا دەرکەوت کە داوا دەکرێت خوداکانی تر نەپەرسترێن، بەڵام هێشتا لەوێدا وەک خودا قبوڵ کراون و بە خودا ناویان هاتووە. دواتر کە بەرەو کۆتایی ڕزگاربوونی جووەکان لە بابل تەورات نووسراوە، دەبینرێت بە ڕوونی چیتر خودای تر قبوڵ نیە و تەنها یەک خودا قبوڵە و ئەوانەی تر چی دی بە خودا ناو ناهێنرێت کاتێک کە دەڵێت:

“پێش من هیچ خودایەک نەبووە و هیچ خودایەکی تریش دوای من نایەت”

ئا لەوێدا یەکتاپەرستی لە تەوراتدا بە ڕوونی دروست دەبێت و قۆناغی یەکتاپەرستی شێوەیەکی ڕوونتر وەردەگرێت. چیتر خوداکانی تر ناونهێنرێن و فیکری ئاینی دەبێتە تاکخودایی. هەروەها ووردە ووردە خودا بچووکەکان دەبنە فریشتە و لەگەڵ گەڵاڵەبوونی فیکری یەکتاپەرستیدا سێ شتی سەرەکی دەمێنن، خودا و فریشتەکان و پێغەمبەرێک. پێشتر خودا و خودا بچووکەکان یان کوڕی خودا گەورەکان و پێغەمبەرێک بوو.

لە ڕاستیدا ئەو سەردەمە لە بابلیشدا سەرەتای یەکتاپەرستی دەستیێکردووە و خودای مەردوخی بابلی دەبێتە خودا گەورەکە و هەموو سیفات و تونای خوداکانی تری پێ دەدرێت. زۆر لە لێکۆڵەران ئەمە بە سەرەتاکانی یەکتاپەرستی بابلی دادەنێن و پێیان وایە یەکتاپەرستی جووەکان لە تەوراتدا، کاردانەوەیەک بووە بەرامبەر بە خودای مەردۆخی بابلی کە ویستراوە بسەپێنرێت بەسەر زۆربەی خەڵەکەکدا. مەردوخ ووردە ووردە کراوە بە خودای سەرەکی بابلیەکان و بە جۆرێک خودا ناوچەییەکانیش هەر کراون بە ڕوخسارێکی تری ناوچەیی مەردوخ و بەو جۆرە مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە. بابلیەکان سەبارەت بە مەردوخ دەڵێن:

” لەسەر ئەو هەموو شتانەی کە بە دەستەکانت دروستکراون، کێ توانای ئەوەی هەیە جگە لە تۆ؟ لەسەر ئەو زەویەی کە دروستت کردووە، کێ توانای ئەوەی هەیە جگە لە تۆ؟”

مەردوخ کرابوو بە خودای خالقی زەمین و هەمووشتێک و گەورەترین خودا. بەو جۆرە خودا بچووکەکانی تر ووردە ووردە هەر دەبوونە ڕوخسارێکی تری ئەو. بۆیە مەردوخ خاوەنی پەنجا ناوی خودایی تایبەتی خۆی بووە لەوانە دروستکەری خوداکان (خالق الالهة)،ڕوناکی یەزدانی (نور الالهي)….لەوێدا کە دەڵێت دروستکەری خوداکان، مەبەستی خودا بچووکەکانە کە دواتر بوونە فریشتە لە تەورات و کریستیان و ئیسلامدا. لە ئیسلامدا خودا سەد ناوی هەیە لەبری پەنجا.

پێش بابلیەکانیش، هەوڵی یەکتاپەرستی لەلایەن میسریەکان درابوو لە ژێر دەستی فیرعەونەکەندا، بەڵام لێرەدا بە مەبەستی کورتکردنەوەی بابەتەکە هەر ئاماژەی پێدەکرێت.

یەکتا پەرستی پرۆسەیەکە کە دوای هەزاران ساڵ لە بەردەوامبوون و گۆڕانی بیروباوەڕی ئاینی، مرۆڤ پێی گەیشتووە. ئەو پرۆسەیە ئاینی زەردەشتیشی گرتۆتەوە. ئەمڕۆ زەردەشتیەکان لە هەندێک تێکستدا کە خۆیان بە یەکتاپەرست لە قەڵەم دەدەن، ئەوە مەبەستیان لە بیروباوەڕی ئەمڕۆیە، دەنا ئاینی زەردەشتی لە بناغەدا ئاینێکی یەکتاپەرستی نەبووە و ئەویش بە قۆناغ گەیشتۆتە ئەو بیروباوەڕە.

لە ڕاستیدا کتێبی تەورات کە نووسراوە بۆ مرۆڤایەتی نەنووسراوە. کتێبەکە تێکەڵێکە لە مێژووی نەتەوەی جوو و پادشاکانیان و چۆنێتی گۆڕانی بیروباوەڕیان لە پەرستنی چەندین خوداوە تا دواتر بۆ پەرستنی خودای تاک و تەنها و ئەو خودایە بە یەهوا ناودەهێنن. هەمان ئەو خودایەیە کە دواتر دەبێتە خودای ئاینی کریستینی. یەهوا لە چەندین شوێندا بە خودای ئیسرائیل ناودەهێنرێت و بە خودای نەتەوەی جوو ناودەهێنرێت نەک خودای مرۆڤایەتی. لەبەر ئەوەی کە یەهوا لە بنەچەدا یەکێک لە خوداکانی ناوچەکە بووە و خودای سەرەکی جووەکان بووە. دواتر کە ئاینی کریستیان هات هەمان خودای قبوڵ بووە، بەڵام ئاینی کریستیان نزیکی دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر هاتووە، ئەو کات لە زۆر شوێندا یەکتاپەرستی بڵاوبووەوە بۆیە بە گشتی ئاینی کریستیان یەکتاپەرستی زیاتر تێدا ڕوونە. ئاینی ئیسلامیش کە دواتر پەیدا بووە بە هەمان شێوە لەو ئاینەشدا یەکتاپەرستی ڕوونە لەبەر ئەوەی کە زۆر دوای ئەو دوو ئاینە پەیدابووە.

تەنانەت زۆر لە پێغەمبەرەکان کە هەر سێ ئاینەکانی جوو و کریستیان و ئیسلام ئاماژەیان پێدەکەن، یەکتا پەرست نەبوون. حەزرەتی داود و سلێمان بە نموونە بە هیچ شێوەیەک یەکتاپەرست نەبوون. تەورات سەبارەت بە حەزرەتی سلێمان دەبێژێت:

“بەڵام پادشا سلێمان حەزی لە ژمارەیەکی زۆر لە ئافرەتی بێگانە بوو … خەڵکی ئەو نەتەوانەی کە خوداکەمان بە ئیسرائیلیەکانی گوتبوو سەبارەتیان ‘نابێت ژن و ژنخوازیان لەگەڵ بکەن لەبەر ئەوەی بە دڵنیایی دڵتان دەبەن بەرەو خوداکانی خۆیان.’ سەرەڕای ئەوە سلێمان کەوتبووە داوی خۆشەویستیانەوە … و دڵی تەرخان نەکرابوو بۆ خوداکەی خۆی … ئەو ئەشتۆرێثی دەپەرست کە خودای مێینەی سەیدۆنەکان بوو، وە مۆلێک کە خودای ڕەزاگرانی عاموریەکان بوو”

دەبینرێت بەپێی تەورات سلێمان پادشایەکی جوو بووە و لە پێناو ئافرەتدا خوداکەی خۆی و چەندین خودای تری نەتەوەکانی تری پەرستووە، سەرەڕای ئەوە سلێمان لە کتێبە پیرۆزەکانی هەر سێ ئاینەکەدا باس دەکرێ. ئەم بەشەی تەورات هیچ دەرفەت بۆ گومان ناهێڵێتەوە و بەڵگە مێژوویی و شوێنەواریەکانیش پشتگیری لە بوونی ئەو ڕاستیە دەکەن.

لەسەردەمی موساشدا هێشتا هەوڵەکە زیاتر بۆ پەرستنی یەهوای خودای جولەکە بووە نەک ڕەتکردنەوەی بوونی خوداکانی تر. واتە تا ئەوکاتەش لە تەوراتدا خوداکانی تر قبوڵ بوون. تەورات دەبێژێت:

“خودای گەورە بە موسای گووت ‘تۆ لەسەرەمەرگدایت و دەچیتە لای باوباپیرانت. دوای ئەوەی کە ڕۆیشتیت، ئەم خەڵکانە دەستدەکەن بە پەرستنی خودای بێگانە، خودای ئەو زەویانەی کە ڕووی تێدەکەن. ئەوان واز لە من دەهێنن و ئەو پەیمانە دەشکێنن کە لەگەڵیاندا کردوومە’ “

واتە لێرەدا کێشەکە ئەوەیە کە خودای بێگانە نابێت بپەرسترێت و دەبێت باپەندبوون بە خودای خۆماڵی جووییەوە بکرێت. واتە دیسان لەوێشدا ئەوانەی تر بە خودا ناودەهێنرێن و کێشەکە پابەندبوون بووە بە خودای خۆماڵیەوە دەنا ئەوانی تریش هەر هێشتا لە سەردەمی موسادا بە خودا لەقەڵەم دراون.

پرۆسەی گۆڕان لە فیکری ئاینیی مرۆڤایەتیدا ئەمڕۆش بەردەوامە. ئەمڕۆ لە تێکستی ئاینی جوو و کریستیان و ئیسلامدا ووردە ووردە خەریکە فریشتەکان بزر دەبن. لە تێکستی دێرینتری ئەو ئاینانەدا، فریشتە ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە و ئەمڕۆ خەریکە بەتەواوی ڕۆڵی نامێنێت. لە بنەچەدا فریشتەکان شوێنگرەوەی خودا بچووکەکان بوون، لەبەر ئەوەی کە مرۆڤایەتی نەیتوانیوە دەستبەجێ واز لە خودا بچووکەکان بهێنێت. سەرەتا کردوونی بە فریشتە و ئەمڕۆ ئەو فریشتانەش خەریکە لە ژیانی ڕۆژانەی پەیڕەوانی ئەو ئاینانەدا بزر دەبن. بەو جۆرە یەکتاپەرستی ئەمڕۆ ڕوخساڕێکی سادەتری وەرگرتووە و سادەکراوەتەوە لە خواد و پێغەمبەر و کتێبە پیرۆزەکاندا. چیتر وەک جاران باسی فریشتەکان ناکرێت.

گەر بێینەوە سەر وەڵامی پرسیارەکە سەبارەت بەوەی کە ئایا تەورات کتێبێکی یەکتاپەرستیە؟ وەڵامەکەی ئەوەیە کە نەخێر تەورات بە تەواوی کتێبێکی یەکتاپەرستی نیە، بەڵکو کتێبێکە کە پرۆسەی گۆڕان بەرەو یەکتاپەرستی دەخاتە ڕوو نەک کتێبێک بێت بە تەواوی سەبارە بە یەکتاپەرستی بێت. ئەم کتێبە بووە بە بناغە بۆ ئاینی کریستیان و دواتریش نزیکی هەموو پێغەمبەرەکانی ناو تەورات کە هەموویان جوو بوون و ژمارەیەکی باشیان یەکتاپەرست نەبوون، لە قورئانیشدا وەک پێغەمبەر ناویان هاتووە. هەروەها یەکتاپەرستی وەک خرایە ڕوو، ئەنجامی پرۆسەی گۆڕانە لە فیکری مرۆڤایەتیدا و ئەو پرۆسەیەش هەزاران ساڵی خایاندووە تا مرۆڤ پێی گەیشتووە و ئەمڕۆش پرۆسەی گۆڕان لە فیکری ئاینیدا بەردەوامە. هەروەها ڕوونبووەوە کە یەکتاپەرستی بەرهەمی گۆڕانە لە فیکری مرۆڤایەتیدا بەرامبەر بە خودا نەک هاتنی ئاینەکان.

تێبینی: ئەم نووسینە بە مەبەستی ڕوونکردنەوەی ڕاستیەکی مێژوویی و تیگەیشتن لە کتێبێکی ئاینی کە لە ناوماندا باسدەکرێت بێ ئەوەی کە لێی تێبگەین، نووسراوە و تێیدا متمانە کراوەتە سەر بەڵگەنامەی مێژوویی بە تایبەت تەورات خۆی. جا هەر کەس بۆچوونەکانی ئەم وتارە لەگەل بیروبۆچوونی ئاینیدا ناگونجێت، ئاسایی با ئەویش بەڵگە و ڕوونکردنەوەی خۆی دابنێت و ڕوونی بکاتەوە کە لە کوێدا شتەکان دروست نین. لەبەر ئەوەی کە تەنها گفتوگۆ و قسەکردن لەسەر شتەکان لە ڕاستی نزیکمان دەخەنەوە. پێشترێش گوتوومە من سەنگەرم لە هیچ ئاینێک نەگرتووە، بەڵکو پێم وایە سەنگەرگرتن حاڵەتێکی عەقڵانی نیە و نامان گەیەنێتە ئەنجامێکی ئەقڵانی. چیرۆكێكی کورتم هەیە لەسەر ئەوە. ساڵی نەوەد و پێنج بە گەشتێک چوو بووم بۆ لای برا گەورەکەم لە پاریس. ئەو کاتە تەمەنم نزیکی ٢٨ ساڵ دەبوو، هاوڕێیەکیشم لە نەمساوە بەهۆی منەوە هاتبوو بۆ پاریس. لەگەڵ براکەم و هاوڕێکەمدا پیاسەمان دەکرد و گفتووگۆ هاتە سەر تەسەوف. هاوڕێکەم شارەزایی لەو بوارەدا کەم بوو، بەڵام زۆری حەز لە سەنگەر گرتن بوو. بۆیە من و براکەم چەند بۆچوونمان گووت لەسەر تەسەوف ئەو دەستبەجێ دەیگووت “نا وانیە وا نیە و تەسەوف وانیە” و بۆچوونی بێ بنەمای دەدا. منیش هاوڕێکەی خۆم دەناسی، دەستی براکەم لە ژێرەوە گووشی و هەردووکمان گووتمان وەڵا ڕاست دەکەی ئەوەی تۆیە. هاوڕێکەم کەوتە حاڵەتێکی سەیرەوە، لە قسە کەوت و نەیدەزانی بڵێ چی. دواتر بابەتەکەمان بە پێکەنین بەباکرد. بەڵام سەنگەرگرتن ئەوەیە، هەر کە شتەکەی بەرامبەر نەمان، ئەوا ئەو کەسە هیچی پێ نامێنێت. بۆیە من پەیڕەوی ناکەم و زیاتر لە هەوڵی تێگەیشتنێکی بێلایانەدام نەک ڕکەبەرایەتی.

Kurdistan