نەخش و پەیکەری تاردۆنی لۆلۆیی لە دەربەندی بێلولە لە دەشتی شێخان

نەخش و پەیکەری تاردۆنی لۆلۆیی لە دەربەندی بێلولە لە دەشتی شێخان

ئەم نەخش و نوسینە کەوتۆتە یەکێک لە لاپاڵەکانی قەد پاڵی چیایی بەمۆ لە دەبەندی بێلولە , نەخشەکە بریتیە لە جەنگاوەرێکی لۆلۆیی کە دوو کەسی تر لە بەردەمیدا لەسەر ئەژنۆ وێنەکە کراوە , وێنەی جەنگاوەرەکە بە شێوەیەکی دروستکراوە لەسەر لا ڕاوەستاوە و بە دەستێکی کەوانێکی گرتووەو لە لایشیەوە تیردانێک وێنە کراوە بە دەستەکەی تریشی خەنجەرێکی هەڵگرتووە , جەنگاوەرەکە کڵاوێکی لەسەر دایەو جل و بەرگێکی وەهایش کە تاوەکو نزیک سەر ئەژنۆکانی هاتووە , جەنگاوەرەکە ملواکەیەکی لە ملدایە و گوارەیەکیش لە گوێی ڕاستیدا بەرچاو دەکەوێت تەورێکیشی کردووە بە پشتوێنەکەیدا .
ئەو دوو دیلەشی کە وێنە کراوە لەبەردەم جەنگاوەرەکەدا هەردوکیان یەکی دەستێکیان وەک پاڕانەوەو نزا لە بەردەم جەنگاوەرەکەدا بەرز کردۆتەوە وەکو ئەوەی بەزەیان پێدا بێتەوە لە تەنیشتی ئەم نەخشەوە نوسینێک هەیە , نوسینەکان نزیکەی (٤٤ بۆ ٤٦ ) هێمایەو نوسینی مێخیە , هێماکان لە ناو چەند خانەیەکدا بە ستونی نوسراون ئەو زمانەشی نوسینەکەی پێ نوسراوەتەوە زمانی ئەکەدییە , وەڕگێڕدراوی نوسینەکە بەم شێوەیە ( تار …, دونی …, کامڵ…, کوڕی ئیکی ووڵاتەکوی وێران کرد ….. یادگارییەکی دانا … کاتێک کۆن بوو … نوێی کردەوە … هەر کەسێک ئەم یادگارییە لا ببات خواوەند شەمەش و خواوەند ئادادتۆو لە ناوی بەرن ).
سەبارەت بەم نەخش و نوسینە زۆربەی مێژوو نوسان و شارەزایانی بوای مێژوو ڕێکن لەسەر ئەوەی ئەم پاشماوە یەکێکە لەو پاشماوە کۆنانەی گەلی لۆلۆیی کە فەرمانڕەوایی ئەم ناوچەیە بوون لەم وێنەیەدا ئازایەتی و سەرکەوتنەکانی خۆیان بەرامبەر گەلی ئاشوری دومنیاندا نیشان دەدەن کە هەمیشە لە بەرامبەر یەکتەری جەنگاون یاخود با بڵێین ئاشورییەکان زۆر جار هێرشیان کردۆتە سەریان و هەوڵی داگیر کردن و دەست بەسەرا گرتنی ئەم گەلەیان داوە هەروەک دیارە لە سەرچاوە مێژوویەکانی ئاشوریدا ئاماژەی پێکراوە .
نوسینی : کۆچەر کەریم حەمە

مێژوو 

شوێنەوار بۆ سوودی ئابووری‌و راكێشانی گەشتیاران رێك نەخراوە

 02/10/2017 Kurdistan_KCO_2017

هەموو نەتەوەو نیشتمانێك خاوەنی كلتوورو مێژووی خۆیەتی، بێگومان ئەم مێژووە نووسراوەتەوە، بەشێكیش لەڕووداوو دیاردەكانی رابردوو جێماون، لەهەموو وڵاتێكیش گرنگییەكی تایبەت بەمێژووی نەتەوەو شوێنەواری ئەو مێژووە دەدرێت، لەلایەك بۆ تێگەیاندن‌و گواستنەوەی ئەم مێژووە لەنەوەیەكەوە بۆ نەوەیەكی دیكە لەڕێی تۆمارو كتێبە مێژووییەكان، لەلایەكی دیكە وێنەی رابردووی مرۆڤایەتی‌و گەلان دووپاتدەكرێتەوە.

شارەزایانی بواری گەشتیاری‌و ئابووری پێیانوایە لەكوردستاندا هێشتا ئەو گرنگییە بەشوێنەوارو مۆزەخانەكان نەدراوە، بەجۆرێك ببێتە هۆكارێك بۆ گەیاندنی زانیاریی لەبارەی رابردو و مێژووی كوردستان، یان نەتوانراوە كارێك بكرێت لانیكەم ئازارو مەینەتی‌و قوربانیدانی گەلی كورد بگەیەنرێتە نەوەی نوێ‌و گەشتیارانی كوردستان، هەروەها گرنگی بەشوێنەوارو مۆزەخانەكان نەدراوە تا ببێتە سەرچاوەیەكی دیكەی ئابووری‌و راكێشانی گەشتیاران بۆ كوردستان.

تێنەگەیشتن‌و ناهوشیاریی

مەلا ئاوات بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزار روونیكردەوە، كە تێنەگەیشتن‌و ناهوشیارییەك هەیە لەلای حكومەتی هەرێم، كە رێگرە لەگرنگیدان بەشوێنەوار، كە جگە لەمەسەلەی مێژوویی هاوكات بەشدارێكی كارا دەبێت لەكەرتی گەشتوگوزاردا. ئەو وتی: «كاربەدەستانی حكومەت، هێشتا نەگەیشتوونەتە ئاستێك لەوەبگەن چەندە گرنگە پاراستنی شوێنەوارەكان‌و دواتر سوود لێوەرگرتنیان بۆ ناساندنی شارستانییەت‌و مێژووی كوردستان‌و بەكارهێنانی لەبووژاندنەوەی ئابوورییدا».

ساوایی‌و كەم درككردنە

لای خۆیەوە، كەیفی مستەفا عەلی لێپرسراوی بەشی یاسایی لە بەڕێوەبەرێتی گشتیی شوێنەوار، روونیكردەوە؛ شوێنەوارەكانی كوردستان گرنگی تایبەتی‌و بەهاو رۆڵی زانستی‌و مێژووییان هەیە. وتیشی: «بەڵام هۆی كەم گرنگیدان بەشوێنەوارەكان بۆ ساوایی‌و كەم درككردنی ناوەندی بڕیاربەدەستی كوردستان دەگەڕێتەوە یان كەم تێگەیشتن‌و بەهەند وەرنەگرتنی رابردوو، مێژووی دێرینی ئەم میللەت‌و خاكە دەگەڕێتەوە».

3000-3500 شوێنەوار

تائێستا رووپێوێكی وردی شوێنەوارەكانی كوردستان بەردەست نییە، ئەگەرچی ژمارەیەكی دیاریكراوی تۆماركراو هەیە. كەیفی عەلی روونیكردەوە؛ بەگوێرەی ئەو رووپێوە شوێنەوارییەی لەسەرەتای شەستەكانی سەدەی رابردوودا لەلایەن دەزگای شوێنەواری عیراقەوە كراوە، (3000-3500) شوێنی شوێنەواری لەوەقائیعی عیراقیدا بڵاوكراونەتەوە، بەڵام ئەوكاتە بەهۆی هەلومەرجی نالەبارو شۆڕشی خەڵكی كوردستانەوە ئەو رووپێویە سەرجەم كوردستانی نەگرتۆتەوە، بەڵام شوێنە شوێنەواری‌و ئەشكەوتە شوێنەوارییەكان لەكوردستان زۆر لەو ژمارەیە زیاترە، كە راگەیەنراوە. ئەمەش پاڵپشت بەو رووپێوە شوێنەوارییانەی لەلایەن تیمە خۆماڵی‌و بیانییەكانی بواری شوێنەوارزانی لەهەرێم كراوەو دەكرێن.

توانای مرۆیی هەیە

یەكێك لەگرفتە هەرە دیارەكانی شوێنەوارناسی‌و دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی شوێنەواریی ئەوەیە كەتوانای مرۆیی‌و ئامێرو پێداویستی گەڕان‌و ئاشكراكردنی شوێنەوارەكان‌و دۆزینەوەی مێژووی دروستبوونی شوێنەوارەكانیان وەك پێویست بەردەست نییە. لەو رووەوە مەلا ئاوات بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار لە كوردستان دەڵێت: «ئەگەر قسە بێتە سەرئەوەی چۆن كاربكەین‌و چیمان پێویستە؟ ئەوا دەزانین ئێمە ئامێری پێشكەوتوومان پێویستە‌و پێویستە وەزارەتی پەیوەندیدار بودجەی بۆ تەرخان بكات. دەتوانم بڵێم لەڕووی توانای مرۆییەوە كەموكوڕییەكی ئەوتۆمان نییە بۆ گەڕان بەدوای شوێنەواردا، بەڵكو تواناو پسپۆڕییەكان هەیەو توانای كاركردنیشیان هەیە لەهەر شوێنێك».

بەپێی چەند بەڵگەنامەیەكی جیاواز، چەندین پارچەی شوێنەواریی لەلایەن ئاسایش یان دەزگای ئەمنییەوە دەستی بەسەردا گیراوە كە لەلایەن قاچاخچییەوە هەوڵی بردنی دراوە، ئەم پارچە شوێنەوارییانە لەلای ئاسایش دەمێننەوە، بەپێی بەڵگەكان لایەنی پەیوەندیدار لەحكومەت لە دەیان نووسراوی جیاوازدا داوای لەئاسایش یان وەزارەتی ناوخۆ كردووە پارچە شوێنەوارییەكان بگێڕدرێنەوە بۆ شوێنەوار. مەلا ئاوات بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار روونیكردەوە: راستە لەچوارچێوەی رێگرتن‌و نەهێشتنی بازرگانی بەشوێنەوارەوە، دەستبەسەر پارچەی شوێنەواردا گیراوە، بەڵام تا لەلایەن دادگاوە كەیسەكە یەكلانەكرێتەوە، پارچە شوێنەوارەكان بۆ شوێنەوار ناگەڕێنرێنەوە، نوێنەری شوێنەواریش لەدادگاكان، لەكاتی دادگاییكردنی ئەو كەسانەی كەبازرگانییان بەپارچەی شوێنەوارییەوە كردووە ئامادە دەبێت بۆ پشتڕاستكردنەوەی رەسەنایەتی یان ساختەیی پارچە دەستبەسەرگیراوەكەدا، ئەوەندەی ئیمە ئاگاداربین زۆر پارچەی شوێنەواریش لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە گەڕێنراونەتەوە.

مەترسیی گەورەو هەڕەشە

گرفتێكی دیكەی شوێنەوار، لەكوردستان دەستەو دەزگای دیكە بۆ سەرپەرشتی شوێنەوار هەیە، لەكاتێكدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوار لەكوردستان هەیە، بۆ نموونە دەستەیەك بۆ سەرپەرشتی قەڵای هەولێر هەیە.

كەیفی مستەفا عەلی بەڕێوەبەری بەشی یاسایی لەبەڕێوەبەرێتی گشتیی شوێنەوار روونیكردەوە: هەر جۆرە دەزگاو دامەزراوەیەك بەبێ چاودێریی شوێنەوار كار بكات بۆ هەر مەبەست‌و ئامانجێك بێت، ئەوا دەچێتە دەرەوەی یاسا كارپێكراوەكانی تایبەت بەشوێنەوار، وتیشی: «بەگوێرەی یاساكانی تایبەت بەبواری شوێنەوار، تاكە دامەزراوەو لایەنی بڕیاردانی شەرعی‌و یاسایی بۆ هەڵسوكەوت لەگەڵ شوێنەوار، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شوێنەوارە یان دەسەڵاتی شوێنەوارییە، هەروەها یاسا نێودەوڵەتی‌و رێنمایی‌و بڕیارو راسپاردەكانی دیكەش كەپەیوەندیدارن بەشوێنەوارەوە، وەك یونسكۆو ئیكۆمس‌و ناوەندەكانی دیكەی شوێنەوارناسی. بەڵام ئەمەی لای خۆمان لەوانەیە بۆ حەزی شەخسی بگەڕێتەوە».

بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی بەردەستن، لەهەرێمی كوردستان چەندین شوێنەواری مێژوویی‌و گرنگ دەستدرێژییان كراوەتەسەر.
راپۆرتی : كاوە عەزیز حەمە

Kurdistan