هونەری خاڵکوتینی کوردانە بەرەو لەناوچوونی هەتایی
نووسینی سۆران حەمەڕەش
ئەمڕۆ لە هەموو جیهاندا بە شێوەیەکی بەرچاو خاڵکوتین باویەتی. ئەم شەپۆلە کوردستانیشی گرتۆتەوە بەڵام شەپۆلە نوێکە تێیدا زۆربەی شێوە و نەخشی نوێیان تێدا بەکاردەهێنرێت نەک نەخشی کوردانە. بەدەر لەم شەپۆلە نوێیە هونەرەکە خۆی لە جیهاندا تەمەنێکی زۆر دێرینی هەیە. لاشەی ئەو پیاوەی کە لە شاخەکانی ئەلپ لەناو بەفر بە پارێزراوی دۆزرایەوە ونازناوی (ئۆتزی) پێدرا و تەمەنی بە زیاتر لە پێنج هەزار ساڵ خەمڵێنراوە، خاڵی کوتراو لەسەر لەشی بووە. بەڵام بەپێی ئەو کەلوپولانەی کە لە شوێنەوارەکاندا دۆزرانەونەتەوە هەندێک تەمەنی خاڵ کوتین بۆ نزیکی دوانزە هەزار ساڵ دەگەڕێننەوە. ئەم دابونەریت و هومەنەرە لە ناو زۆربەی نەتەوەکانی جیهانیدا بەشێوەی جیاواز هەبووە. بەپێی شێوەی نەخشەکان و ناوەکانیان، لەوانەیە لە کوردستاندا مێژوویەکی دێرینی هەبێت هەرچەندە زۆربەی ئەو بەڵگەنامانەی کە لەبەردەستدان کۆنترینیان کۆتایی سەدەی نۆزدەیەمە بۆیە سەرەڕای دێرنی نەخشەکان، گران دەبێت کە بە تەواوی بتوانرێت مێژووکەیان لە کوردستاندا دیاری بکرێت.
لە ناو کورد دا ئەمڕۆ زیاتر واباوە کە لە ڕەشیی بنی مەنجەڵ ڕەنگەکەی بۆ ئامادە دەکرێت. بەڵام لە ڕابردوودا تۆزێک ئاڵۆزتر بووە و بە تێکەڵکردنی چەند مادەیەک ئەنجام دراوە. مادەی خاڵوکتین لە کوردەواریدا لە ناو ئێزدیەکاندا لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا تۆمار کراوە کە لە تێکەڵێک لە زەرداوی زراوی مەڕ و ڕەشیی چرایەک کە بە ڕۆنی زەیتوون کاری کردبێت لەگەڵ شیری دایکێک کە منداڵەکەی کچ بووبێت دروستکراوە. ئیزدیەکان پێیان وابووە کە ئەگەر تێکەڵی شیری دایکێک بکرێت کە مندالی کوڕی بووبێت، ئەوا شوێنی خاڵەکە تووشی هەوکردن دەبێت. لە کۆتایی سەدەی نۆزدەیەمدا لە ناوچەی کرماشان بە تێکەڵی زەرداوی زراو و ڕەشی چرا دروست کراوە.
لە ناو کورد دا لە شوێنی جیاوازدا خاڵکوتین کراوە. لە ڕابردوودا لە ناو پیاواندا زۆربەی لەسەر دەست و قۆڵیان کردوویانە بەڵام لەسەر دەموچاو و لە شوێنی جیاوازی وەک سەری لوت، نێوان چاو و گوێ، ناوچەوان و ڕومەتیش ئەنجام دراوە. لای ئافرەتان لەسەر دەموچاو و لە شوێنی جیاوازی وەک دەست و قۆڵ و قاچ، هەروەها هەندێک جار لەسەر چەنەوە هاتۆتە خوارەوە و کۆپکەی مەمکیش خاڵی لەسەر کوتراوە (بڕوانە وێنەکان). ئەوەی مایەی سەرنجە، هەندێک جار لە ناوچەکانی باکوری کوردستان هەتاوەکو ئەمڕۆ لە ناو ئافرەتە بە تەمەنەکاندا لەسەر مل درەختی ژیان هەتاوەکو سەر سنگیان دەبینرێت، هاوشێوەی درەختە پیرۆزەکەی مێسۆپۆتامیا (بڕوانە وێنە فۆتۆگرافیەکەی خوارەوە دەستی چەپ). ئەمە دێرینی دابونەریتەکە لە ناو کورد دا دەردەخات.
خاڵکوتین لە کوردەواریدا بەپێی ئەو زانیاریانەی لە خەڵک کۆکراونەتەوە بۆ چەند مەبەستێک ئەنجامدراوە. بۆ مەبەستی جوانکاری و ڕازاندنەوە و بۆ ئازار شکاندن و بەخت و بەپیتیی ژن و نیشانەی تایبەت بە هۆز و هەروەها بۆ خۆپاراستن لە چاوی خراپ (پیس) یش ئەنجام دراوە. هەروەها پیاوان لەسەر قۆڵیان بۆ بەهێزکردن کردوویانە. دەشێت لە ڕابردوودا بۆ مەبەستی ئاینیش ئەنجام درابێت بەپێی ئەوەی کە شێوەی ڕۆژ و مانگ و شانە و چەندین سیمبوڵی تر کوتراوە، ئەو سیمبوڵانەی کە مانای ئاینیان هەیە.هەروەها لە ناو ئێزدیەکاندا هەندێک جار کوتینی مانک لە نزیک چاوەوە، مانای گۆڕینی ئاینی لە ئێزدیەوە بۆ ئیسلام هەبووە. بۆیە دەشێت لە ڕابردوودا بۆ مەبەستی ئاینیش بەکارهاتبێت. جاران خەڵکی تایبەت کە بە خاڵکوت ناسراوبوون، ئەو هونەرەیان ئەنجام داوە و زۆر جار قەرەجەکان دەگەڕان بە ناو خەڵکدا خاڵیان بۆ خەڵک کوتیوە.
بۆ یەکەم جار لە مێژووی کوردا لە ساڵی ١٨٩٥ دا مۆرگان بە زمانی فەرەنسی زۆر بە کورتی لە کتێبێکی گەورەدا لەسەر خاڵکوتین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دواوە. مۆرگان چەند وێنەیەکی لە خاڵکوتینی دەموچاو و دەستی لای کورد کێشاوە (بڕوانە وێنەکانی دەستی ڕاست بەشی سەرەوە). ئەو لە ناو قەڵخانی و کەڵهوڕەکاندا نەخشی خاڵەکانی سەر دەموچاو و دەست و مەچەکی تۆمار کردووە.
دواتر چەند سەرچاوەیەکی تر لەسەری دواوە. یەکێک لەو کەسانەی کە زۆر بە ووردی لەسەر خاڵکوتین لە ناو کورد و عێراقدا دواوە لێکۆڵەرێکە بە ناوی هێنری فیڵد. ئەم پیاوە لە ساڵی ١٩٥٨ هاتووە جۆرەکانی خاڵكوتینی لە باشوری کوردستان تۆمار کردووە و لە ناو کورد بەپێی جۆرەکانی کردوونی بە سێ بەشەوە و ئێزدیەکانی لە دەرەوەی کورد داناوە، واتە چوار بەش. ناوچەکانیش بریتین لەلای ئێزدیەکان، لە ناوچەی زاخۆ و دەوروبەری، لە ئاکرێ و دیانە و ڕەواندز ئەمجا لە سلێمانی و کەرکوک. ئەم لێکۆڵەرە کارێکی زۆر ئەکادیمی ووردی پڕ زانیاری لەسەر خاڵکوتین لە ناوچە جیاوازەکانی باشوردا کۆکردۆتەوە لە ناو ژنان و پیاواندا. دەیان نەخشی خاڵکوتینی لەسەر بەشە جیاوازەکانی لەشدا تۆمار کردووە و جیاوازی لە نێوان ناوچەکان و نەتەوە جیاوازەکان تۆمار کردووە. چەند سەرچاوەیەکی تریش نەخشیان تۆمارکردووە بەڵام هیچیان وێنەی ئەو کەسەی کە ئاماژەی پێکرا بە ووردی کاریان نەکردووە.
خاڵکوتینی کوردانە بێ هیچ گومانێک بەشێک لە هونەر و بیروبۆچوون و دابونەریتی کوردی تێدا تۆمارکراوە، بۆیە کۆکردنەوەیان کارێکی مەزنە بۆ زیاتر دەوڵەمەندکردن و ناسینی فەرهەنگی کوردی. بەداخەوە جگە لەو کارە ئەکادیمیانەی کە ئاماژەم پێکرد هەتاوەکو ئێستا کاری لەو جۆرە لە بەشەکانی کوردستاندا نەکراوە. ئەمڕۆ هیچ گومانێک لەوەدا نیە کە خاڵکوتینی کوردانە ڕوو لە لەناوچوونی هەتایی دەکات، لەگەڵیدا بەشێک لە فەرهەنگی کوردی لە ناو دەچێت. ڕۆژنەمانووس و فۆتۆگرافەری ئەمریکی جودی هیڵتن، بۆ ماوەیەک لە دوای دوو ساڵی ٢٠١٠ وە لەگەڵ کوردانی باکور و ڕۆژئاوا کاری کردووە، خاڵکوتینی کوردانە سەرنجی ڕادەکێشێت و دەرکی بە مەترسی لەوناوچوونی خاڵکوتینی کوردانە کردووە و پرۆژەیەکی فۆتۆگرافی لەسەر ژنەکانی کۆبانی ئەنجام دەدات لە ژێر ناونیشانی (دوا ژنە خاڵکوتراوەکانی کۆبانی). جودی دەڵێت ئەو هونەرە لە ناو کورد دا ڕوو لە ناوچوون دەکات و سەرنجی داوە ئافرەتەکان کە تەمەنیان نزیکی شەست ساڵە تەنها ئەوان خاڵیان کوتیوە، لەبەر ئەوەی نەوەی نوێ یان گوتوویانە حەرامە یان بە شتێکی کۆن و ناشرین بینیویانە، جودی لەو پرۆژە فۆتۆگرافیەدا چەندین نموونەی لە ناو ژنانی کۆبانیدا تۆمارکردووە و لە یەکێک لە گفتوگۆکانیدا کە بۆ ناشناڵ جۆگرافی کراوە باس لەو پرۆژەیەی دەکات. (ئەمەش لینکی ئەو وێنانەیە https://www.nationalgeographic.com/photography/proof/2015/01/21/the-last-tattooed-women-of-kobane/)
خاڵکوتین لایەنێکی تری هونەری کوردیە کە دەشێت ئامرازێکی گرنگ بێت بۆ ئاگاداربوون لە ڕابردوو و هەروەها ناسینی ناوچە فەرهەنگیە جیاوازەکانی کوردستان و هۆکاری جیاوازی و لەیەکچوونی نەخشی خاڵەکان کە سەدانیان تۆمارکراون. ئەمڕۆ نەوەیەکی نوێ خاڵکوتینی نوێ دەکات و ئەوە بووە بە باو و کەس چیتر خاڵی کوردانە ناکوتێت لە هەمان کاتدا نەوەیەک کە زۆربەیان بوونەتە داپیرە و باپیرە، لەسەر لەشیان بەشێک لە فەرهەنگی کوردیان لە ڕێگای خاڵوتینەوە تۆمارکردووە کە پاش بیست ساڵی تر لەوانەیە بۆ هەتایی ئەو خاڵانە لەگەڵ ئەو کەسانەدا لەناوبچن. بۆیە تۆمارکردنی جۆری نەخشەکان لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان، سامانێکی فەرهەنگیمان بۆ هەتایی دەپارێزێت. بەبۆچوونی من لەبەر هەلومەرجی کوردستان و تەمەڵی دەزگا فەرهەنگیەکان، هەرکەس لە ناوچەی خۆی و لای کەسوکاری خۆی دەتوانێت بەشێک لەو فەرهەنگە تۆمار بکات و لە فەوتان بیانپارێزێت. بە تایبەت کچانی لاو کە لە بواری هونەری و فەرهەنگیدا کار دەکەن، دەتوانن ئەوە بکەنە بە پرۆژەیەکی گەورەی تۆماکردنی ئەو دابونەریتە و بەشێک لە خوێندنیان. هیوام وایە کیژێکی کورد، وەک جودی هیڵتن کە کوردیش نیە، دەرک بەو مەترسیە بکات و پرۆژەیەکی گەورەی تۆمارکردنی نەخشی ئەو خاڵانە بگرێتە ئەستۆ، ئەگەریش لە چەند ناوچەیەکدا بێت، دڵنیام ئەو کەسە دەتوانێت لە ڕێکخراوە جیهانیەکانیش وەک پرۆژەیەکی فەرهەنگی بودجەی بۆ وەربگرێت و بەشێک لە هونەری کوردی، زیاتر نزیک لە ڕەگەزی مێینە، بپارێزێت.
نووسینی: سۆران حەمەڕەش
خوێنەری ئازیز گەر زانیاریەک یان وێنەیەکی ناوچەی خۆتت لایە لەسەر خاڵکوتین، تکایە لە ژێرەوە لە کۆمێنتدا بە سوپاسەوە دایبنێ.
وێنەکان:
– ئەوانەی دەستی ڕاست بەشی سەرەوە، تەنها بەشێکن لە نەخشی ئەو خاڵانەی لە ساڵی ١٨٩٥ لە ناو قەڵخانی و کەڵهوڕدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆمارکراون.
– ئەوانەی دەستی ڕاست ژێرەوە تەنها بەشێکن لە نەخشی ئەو خاڵانەی کە لە ناو ئێزدیەکاندا لە کۆتایی ساڵی سیەکاندا تۆمارکراون.
– وێنە فۆتۆگرافیەکان لە ناوچەی جیاوازی کوردستان بە تایبەت باکور گیراون.
– نەخشەکانی دەستی چەپ تەنها بەشێکن لە نەخشی ئەو خاڵانەی کە لە باشوڕی کوردستان لە ساڵی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا تۆمارکراون.
– وێنەکانی لینکەکە کە لەگەڵ باباتەکەدایە تایبەتن بە خاڵکوتینی ژنانی کۆبانی کەلەلایەن جودی هیڵتن تۆمارکراون.