یەکەم فێستیڤاڵی هەنار لە هەورامانی ڕۆژهەڵات بەڕێوە چوو
دوێنێ هەینی یەکەم فێستیڤاڵی “هەناری هەورامان” لە گوندێکی سەر بە شاری سەوڵای لە پارێزگای سنە، بە بەشداریی جەماوەرێکی زۆر بەڕێوە چوو.
بەپێی زانیاریی ماڵپەڕە خۆجێیەکان ئەو فێستیڤاڵە بە بەشداریی جووتیار و وەرزێڕ و خەڵکی گوندەکانی “سڵێن، بڵبەر، ژیوار”، و چەندان گوندی دیکە لە ئاوایی “سڵێن” بە مەبەستی ڕاکێشانی گەشتیار و پاراستنی فەرهەنگ و کەلەپووری دێرین و پەرەدان بە بەروبوومی خۆماڵی بەڕێوە چووە کە سەرەڕای بارینی باران، پێشوازییەکی گەرمی لێ کراوە.
هەڵپەڕكێی هەنار، یەکێک لە دابونەریتەکانی ئەو ڕێوڕەسمەیە کە کۆمەڵێک لە گەنجان بە جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگ کە لە ژیان و ژینگەی دەوروبەرەوە وەرگیراوە بەدەم هەڵپەڕینەوە، هەنارەکان لەناو سەبەت (سەلە و سەوەتە) دێننە ناو خەڵکەکە و لەوێ نمایشی دەکەن و دوایی بەسەر ئامادەبواندا دابەش دەکرێت.
هەورامان یەک لەو دەڤەرە گرنگ و خاوەن ژیار و کولتوورانەی کوردستانە کە خاوەنی سروشتێکی سەرنجڕاکێش و پڕ پیت و بەرەکەتە و هاوکات لەڕووی مەزهەب و ئایینی ڕەسەنی کوردەوە شوێنی ژیان و هەڵکەوتەی “میترائیزم” و پیرشالیاری زەردەشتە کە ساڵانە تێیدا بە شکۆیەکی زۆرەوە ڕێوڕەسمەکانی “زەماوەندی پیرشالیار، کۆمسای و فێستیڤاڵی شوکرانەی هەنار” و چەندین دابونەریتی دیکە بەڕێوە دەچێت و ئەم چالاکییانە بوونەتە هۆی سەرنجڕاکێشانی گەشتیار بۆ هەورامان و لەلایەکی دیکەش هۆکاری پاراستنی فەرهەنگی دەوڵەمەندی کورد و کوردستانە.
سەرچاوە باسنیوس